شههید شێرزاد: خۆزگە وەک سەردەشت عوسمان بمردمایە
یەکێک لە شەهیدەکانی تری رێگای چاکسازی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی شەهید (شێرزاد تەها)یە، ئەو لەگەڵ سورکێو زاهیردا لە یەک ئێوارەدا بە تاوانی بەشداریکردن لە خۆپیشاندان، لە شەقامی خانەقی شاری سلێمانی شەهید کران.
شێرزاد تاقانەی خێزانێکی هەژار و ستەمدیدەی سلێمانی بو، وەک دایک و خوشکەکانی شەهید باسی دەکەن، گەنجێکی دەم بە پێکەنین و روخۆش و ئیشکەر بوە، ئێستاش دایک و خوشکەکانی ئەو شەهیدە، هەر ئێوارەیەک خواردنی شفتەیان هەبێت دەکەونەوە بیری تاقانە شەهید بوەکەیان، چونکە بە قسەی دایکی، شێرزادی جوانەمەرگ زۆر حەزی لە شفتە بوە و هەر کاتێک موچەی وەرگبرتایە، شفتەی بۆ کوڕە تاقانەکەی دەکرد.
تاڤگە تەهای خوشکی شەهید، لە باسی براکەیدا بە(سبەی) وت: شێرزاد کەسێکی سوعبەتچی و روخۆشبو، وەکو منداڵ لەناو ماڵدا راوراوێنی لەگەڵدا دەکردین و دەیوت، دەبێت رۆژێک بتکەمە گریان ئەونە سوبعەتت لەگەڵ بکەم، زۆریش حەزی لە خواردنی شفتە بو.
فاتیمە ئەحمەد، دایکی شەهید شێرزادە و ئێستا بە رەشپۆشیەوە باس لە حەزەکانی کوڕە جوانەمەرگەکەی دەکات، ئەو باسی ئەوەی بۆ (سبەی) کرد کە : شێرزاد زۆر حەزی لە شفتە بو، هەمو جارێک کە موچەم وەربگرتایە شفتەم بۆ دەکرد، دەیوت دایە خۆزگە مانگ ١٠ رۆژ بوایە، بۆ ئەوەی زو زو شفتە بخۆین.
ئەو دایکە باس لەو رۆژانەش دەکات کوڕەکەی تێدا بەخێوکرد و دەڵێت: زۆر بە هەژاری پەروەردەم کرد، بە پێڵاوی لاستیک و دڕاوەوە دەچو بۆ خوێندنگا، بەڵام لەبەر ناخۆشی ژیان تا پۆلی پێنجی خوێند "دایکت کوێربێت رۆڵە گیان"، هەمیشە بە خوشکەکانی دەوت ئێوە واز لە خوێندن مەهێنن.
ئەو دایکە باس لە هۆگری کوڕەکەی دەکات، "زۆر هۆگری من بو، کە دەچومە ماڵی خزمێک، ئەیوت دایکە تو خوا زو وەرەوە، هەمیشە پێی دەوتم دایکە من بە گەنجی دەمرم، دەموت توخوا بەسە وا مەڵێ، زۆر کاتیش دەیوت خۆزگە وەک سەردەشت عوسمان بمردمایە و خەڵک باسی بکردمایە، چونکە زۆر خۆشە بە سەربەرزی بمریت".
تاڤگەی خوشکی شەهید شێرزاد، بەردەوام دەبێت لە باسکردنی براکەی و دەڵێت: هەمو ئاواتی ئەوە بو، کە پێشینەی هاوسەرگیری زیاد بکات و ژن بهێنێت، چونکە حەزی لە کچیک بو، لای هەموشمان باسیکردبو، بەڵام ئاواتەکەی نەهاتە دی و شەهیدیان کرد.
تەها قادر، باوکی شەهید شێرازدە و ئێستا بە ریشە تەنکە سپیەکەیەوە، ئەو یادەوریانە دەهێنێتەوە پێش چاوی خۆی و رەنگە سەدان رۆژی هەژاری لەگەڵ کوڕەکەیدا بردبێت سەرو ئاواتی خواستبێت، رۆژێک لە سایەی ئەو تاقانەیدا بحەسێتەوە، ئەو باس لە بەخێوکردنی کوڕە شەهیدەکەی دەکات و دەڵێت: شێرازد لە ساڵی ١٩٨٢ لە دایکبو، ئێمە خێزانێکی هەژار بوین و ئەویش وەک منداڵە هەژارێک پەروەردەکرا، ژیانێکی زۆر ناخۆشی بەسەربردوە، بەڵام بەهەر شێوەیەک بێت گەورەمان کرد، تا دەسەڵاتی کوردی لە ٢٩ ساڵیدا تەرمەکەیان پێداینەوە.
ئەو خێزانە رەشپۆشە هۆکاری بەشداریکردنی کوڕەکەیان دەگێڕنەوە بۆ نادادپەروەری و خوشکەکەی باس لەو چرکەساتانە دەکات کە بۆ دواجار شێرزاد ماڵی بۆ هەمیشەیی جێهێشت و نەگەڕایەوە "پێشێلکاریەکانی دەسەڵات وایکرد شێرزادی برام بچێتە ناو خۆپیشاندانەکانەوە، بەڵام کە رۆشتە دەرەوە چەند جارێک تەلەفۆنم بۆ کرد و دەیوت ئێستا دێمەوە، تا لە سەعات چواری ئێوارەدا کەسێک وەڵامی پەیوەندیەکەی دامەوە و وتی، خاوەنی ئەم مۆبایلە بریندارەو بردویانە بۆ نەخۆشخانە و من مۆبایلەکەیم هەڵگرتوەتەوە".
باوکی شێرازد باس لە نیگەرانی کوڕەکەی و هۆکاری بەشداری کردنەکەی دەکات لە خۆپیشاندانەکاندا و دەڵێت: لە ناوچەی پیشەسازی کاری دەکرد، چەند رۆژێک لە ماڵەوە بو بەهۆی بێ کاریەوە، ئیتر بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەشداری خۆپیشاندانەکانی کرد و دواتر پیاوەکانی دەسەڵات لەبەردەم نەخۆشخانەی چوارباخدا لە شەقامی خانەقا برینداریان کرد و پاش رۆژێک گیانی سپارد.
تاڤگەی خوشکی شەهیدیش دەڵێت: تەنها دایکم توانی قسەی لەگەڵدا بکات، چونکە فیشەک ریخۆڵە و گورچیلەی بڕیبو، لەبەر کاریگەری برینەکەی پاش پێج سەعات لە نەشتەرگەری ، بۆ رۆژی دواتر شەهید بو.
تەها قادر، لە باسی دواساتەکانی ماڵئاوایی لە کوڕە تاقانەکەیدا ئاماژە بەوەدەدات: تەنها دایکی قسەی لەگەڵدا کرد، شێرزاد وتبوی، دایکە گیان تۆ بۆ هاتوی، من وتم با تەنها باوکم بێت، ئەو رۆژە ١٩ بتڵ خوێنیان تێکرد، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە، شەوی ٢١ی مانگ گیانی سپارد.
لە هەموی زیاتر کە جێگەی داخە بۆ باوکی ئەو شەهیدە، ناسینەوەی بکوژ و دەستگیر نەکردنیەتی، چونکە وەک خۆی باسی دەکات: بکوژی کوڕەکەم رون ئاشکرایە و یەکەم کەس کە بەرپرسە عەمید ئاسۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی کارەبایە، ئەو کەسەشی کە تەقەی لە کوڕەکەم کردوە، ناوی عەلی مەحمود عەبدولکەریمە و خزمی ئاسۆیە.
ئەو ئاشکراشیکرد کە: ئاسۆی شێخ تەها چەند جارێک هەڵی دانیشتنی داوە لە گەڵماندا، بەڵام ئێمە بەهیچ جۆرێک رازی نەبوین و نابین، چونکە دڵدانەوەی ئێمە، تەنها دادگاییکردنی بکوژانە کە رون و ئاشکران.
ئامادهکردنی: بڕیار بهختیار – سالار جاف
سەرچاوەی هەواڵ و وێنە : سبەی
Serdasht Osman
- بەشی ئینگلیزی ماڵپەڕی سەردەشت عوسمان کرایەوە
- کەمپینێک بۆ ڕێگرتن لە دانانی هەر جۆرە یاسایەک کە ئازادی رادەربڕین و نوسین و ڕۆژنامەگەری بەرتەسک بکاتەوە لە کوردستان
- هەڵەی پیشەیی مەکەنە بیانو بۆ سەنگەرگرتن لەیاسای کاری رۆژنامەنوسی
- عبداللە پەشێو بۆ سەردەشت عوسمان
- خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی: زانکۆکان سهدان (سهردهشت)یان ئامادهکردووه
- ههڵهبجه: چهند چالاكیهك لهساڵیادی تیرۆركردنی سهردهشت عوسمانهوه بهرێوهچوون
- وهزارهتیرۆشنبیریرێگهلهبڵاوكردنهوهیكتێبێكیئاسۆ جهبار دهگرێت
- ستۆکهۆلم دووەمین ساڵیادی شەهید سەردەشت بەرز رادەگرێت
- کەمپینا ئازادی بۆ رۆژنامەنڤیس شێروان شێروانی سەرنڤیسکارێ كۆڤارا باشور
- بێدەنگی لە رفاندنی رۆژنامەنووس شێروان شێروانی بۆ؟



سەرنجێک لەسەر بابەتەکە بنێرە