شۆڕشی تەواونەکراو....
عەزیز ڕەئووف
ئەستەمە بتوانین بە ڕووخانى پەیکەرى دیکتاتۆر، کۆتایى بە دیکتاتۆرییەت بێنین. ڕەنگە ئاسان بێت پەیکەڕەکان بڕووخێنین بەڵام ڕێگرتن لە دروستبوونەوەى پەیکەر ئاسان نیە. من دڵنیام شەڕى دیکتاتۆر ئاسانترە لە شەڕکردن دژ بە دیکتاتۆریەت و سیستەمى دیکتاتۆریەت، بەڵام ناشتوانین دڵخۆش نەبین بە ماڵئاوایکردن لە دیکتاتۆرەکان و سەرکەوتنى ئیرادەى گەل بەسەر زوڵم و زۆرداریدا.
من درست بڕوام بەوە هەیە شۆڕش پرۆسەیەکى بەردەوامە و ئومێدبەخشین بە شۆڕش و جێهێشتنى سیاسەت بۆ نوخبەیەکى سیاسى شۆڕشگێڕ کارێکى نەکردەیە. مێژوو دەریخستووە ئەوەى لە ئێستادا شۆڕشگێر بێت ئەگەرى ئەوەى هەیە سبەى ببێتە دیکتاتۆرێکى سەرسەخت. شۆڕشى ئێران و کاسترۆى کوبا و قەزافى لیبیا و حزبى بەعس لە عیراق و سوریا و چەندین نمونەى تر دەرکەوتەى ئەو ڕاستیەن کە شۆڕشگێڕەکانى دوێنێ ستەمکار و دیکتاتۆرەکانى ئەمڕۆن.
ئەم بۆچوونە بۆ کۆمەڵگەى کوردیش هەر ڕاستە. جێهێشتنى سیاسەت بۆ نوخبەیەکى شۆڕشگێڕ لە سەدەى ڕابردوودا و درێژکراوەى هەمان سیاسەت لە چرکەساتى ئێستاماندا، دەرکەوتەیەکى تەواو نالەبارە. من دەزانم کە شۆڕشگێڕى کوردى تا ئەم چرکەساتەش ناتوانێ سیستەم دروست بکات، بەڵام ئەوەش دەزانم سیستەمێکى دروست کردووە بۆ مانەوەى خۆى لەسەر دەسەڵات کە لە هیچ سیستەمەکانى ترى دنیا ناچێت. دروست ئەوەى لە هەرێمى کوردستان هەیە هیچ نیە جگە نوخبەیەکى سیاسى کە کۆنترۆڵى سەرمایە و هێز و میدیاى کردووە و درێژە بە مانەوەى خۆى دەدات. ئەوەى جیاوازە لە شۆڕشەکانى تر ئەوەی شۆڕشگێڕى کوردى هیچ خەونێکى نماوە بۆى بجەنگێت و بۆى بمرێت. ئەگەر شۆرش لە ئێران تا ئێستاش خەونێکى مابێت بۆى بجەنگێت، ئەگەر لە مسرو کوبا و سوریا شۆڕشگێڕەکانى دوێنێ خەونێکیان هەبووبێت بۆ بەڕێوەبردنى کۆمەڵگە، ئەوا شۆڕشگێڕى کوردى لەچرەساتى ئێستادا مەخلوقگەلێکى بێخەون و بێ ڕوئیایە.
چى لەوە ناخۆشترە بەچاوى خۆت ببینیت کە شۆڕش هیچ خەونێکى نەماوە. چى لەوە ئەستەمترە بەڕۆژى ڕووناک شۆڕشگێڕ نە بتوانێت بەگەڕێتەوە سەردەمى شۆرشگێڕى و نە لەناو شاردا سیستەمێکى حوکمڕانى جوان پێشکەش بکات. دڵنیام بۆ کۆمەڵگە لەوە ناخۆشتر نیە کە ببینێت شۆڕش هیچ خەونێکى نیە و هیچ قسەیەکى نیە پێمانى بڵێت. یان بەمانایەکى تر شۆڕشگێڕ هەر قسە بکات و سور بزانێت خەڵک بڕوا بە قسەکانى ناکات و بەردوامیش بێت لە وتن.
شۆڕش پرۆسەیەکى بەردەوامە. جێهێشتنى بەرهەمى شۆڕش بۆ نوخبەیەکى سیاسى نەک هەر کارێکى نەکردەیە، بەڵکو هەڵەیەکى مێژوویى گەورەشە. دروست ئەوەى لە ئێستاى مسردا دەبینرێت ئەو دۆخەیە کە خەڵک دەیەوێت شۆڕش بەردەوام بێت. جێهێشتنى سیاسەت بۆ نوخبەیەکى سیاسى لەو وڵاتە هەر ئەوەى لێ چاوەڕێ دەکرێت کە موبارەک ئەنجامیدا. بۆیە دەبێت شۆڕشگێڕ قەلەق بێت. ئومێدهەڵچنین بە هەر هێزێکى سیاسى دواجار بێئومێدى بەرهەم دێنێت.
شۆڕشگێڕى لیبیى شۆڕگێڕێکى چەکدارى سرفە. هەڵگرى هیچ جیهانبینیەکى نوێ نیە جگە لە مەرگى قەزافى. دەرکەوتەکانى ئەم شۆڕشە لە ئێستادا دیارە کە ئایندەیەکى تاریک لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت. مێژووش پێمان دەڵێت شەرت نیە هەموو شۆڕشێکى جەماوەرى جوان بێت، شەرت نیە شۆڕش بتوانێت بە ڕوخانى دیکتاتۆر ئیدى بەهەشتمان بۆ بنیاد بنێت، بەڵام ڕێگەى تر نیە هەر دەبێت شۆڕشگێڕ بین، ڕێگەى تر نیە جگە لە ڕوخانى بتەکان، بەڵام بێشک دەبێت شۆڕش ڕێگربێت لە دروستکردنەوەى بتى نوێ. هەر شۆڕشێک سیاسەتى بەخشى بە نوخبەیەکى سیاسى ناو شۆڕش، ئەوا دەبێت ئەوەش بزانێت بەدەستى خۆى بتێکى نوێى دروست کردووە، بەدەستى خۆى گۆڕێکى بۆ منداڵەکانى هەڵکەنیوە.
بێ گومان شۆڕش لە پنتێکەوە دەستپێدەکات و ئەگەر لێیگەڕێین لە پنتێکیشدا دەوەستێت. بۆ ئەوەى شۆڕش لە پنتێکدا نەوەستێت پێویستمان بەوەیە هەمیشە شۆڕشگێڕ بین. من دڵنیام سانا نیە مرۆڤ هەمیشە شۆرشگێڕ بێت، بەڵام ئەوەش دەزانم ئەگەر شۆڕش بەمانا عەقڵانیەکەى نەتوانێت شۆڕش بێت، نەتوانێت کۆى سترەکچەرى کۆمەڵگە لەگەڵ خریدا بگۆڕێت، ئەگەرى ستەمکارى لەئارادایە.
ئێمە لەبەردەم بەرهەمى شۆڕشى چەکداریداین لەم هەرێمە. خۆمان بە چەپڵەڕێزان بتمان بۆخۆمان دروست کرد. هەر دەبێت خۆشمان بتەکان بڕوخێنین. شۆڕش هەرگیز بت بەرهەمناهێنێت ئەگەر جەماوەر خۆى بت دروست نەکات. هەم خۆمان بەرپرسیارین بەرامبەر بە ڕووخانى بتەکان و خۆشمان بتەکان دروست دەکەینەوە. ئەگەر شۆڕش پرۆسەیەکى بەردەوام بێت ئەوا بۆ کۆمەڵگەى کوردیش دروستە کە ڕێگەى ترمان لەبەردەم نیە جگە لە ڕێگرتن لە هێرشى بتەکان. ئێستا ئەو بتانەى کە خۆمان لە دواى ڕاپەڕینەوە دروستمان کرد خەریکە خۆمان و منداڵەکانمان و ئایندەشمان لەگەڵ خۆیدا بێدەنگ دەکات.
سەرچاوە : ئاوێنە
Serdasht Osman
- سهردهشت عوسمان له وتاریكدا"بێدهنگی تاڵهبانی، بۆته هۆی بڕیار دانی تاكلایهنهی مالكی"
- لهپهراوێزی دۆسێی سهردهشت عوسماندا... مهلا بهختیار له نیوان چهمکی دیموکراسی لیبرال وتۆلیتاردا
- لهپهراوێزی دۆسێی سهردهشت عوسماندا... مهلا بهختیار له نیوان چهمکی دیموکراسی لیبرال وتۆلیتاردا
- چۆنیهتی دۆزینهوهی نا و ژیان و وێنهی رۆژنامهنوس ( سهردهشت عوسمان ) له یهكێك له گهورهترین مۆزهخانهكانی دنیا له واشنتنی پایتهختی ئهمهریك
- دۆسێی سەردەشت عوسمان هی هەموومانە!
- ئەم گاڵتەجاری و سیناریۆیە بەسە!
- جەنگاوەری جەنگاوەری
- نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی
- نامەیەك بۆ سەردەشت و سۆران
- مهرگی ههرزان !



سەرنجێک لەسەر بابەتەکە بنێرە