دەستپێک | وتار | نرخی ئازادیی؛ لە خوشك‌و برای (شۆل)ەوە، تا برایانی (هەردی)

نرخی ئازادیی؛ لە خوشك‌و برای (شۆل)ەوە، تا برایانی (هەردی)

By
قەبارەی فۆنت: Decrease font Enlarge font
نرخی ئازادیی؛ لە خوشك‌و برای (شۆل)ەوە، تا برایانی (هەردی)

سیروان بابه‌عه‌لی 
ئەوە چۆنێتی تاوانە تاوانباران بەیەکتریی دەچوێنێت نەك چەندێتی.
زۆر ئاسانە هێتلەرو سەددام‌و قەززافی‌و چەند سەرکردەیەکی کورد بەیەکتری بچوێنرێن. ئەوەی بەئەنقەست مرۆڤێك بکوژێت، گەر پێویست بکات‌و بۆی بچێتە سەر، ملیۆنێك مرۆڤ بەئەنقەست دەکوژێت. ئەوەی مرۆڤێكی بێتاوان زیندانیی بکات، گەر پێویست بکات‌و بۆی بلوێت، سەدان مرۆڤ زیندانیی دەکات. ئەوەی مرۆڤێك بە گوندەیی ئازار بدات، گەر پێویست بکات‌و بۆی بڕەخسێت، دەیان مرۆڤ ئازار دەدات... سەرکردەکانی کورد لەبەر کۆمەڵێك هۆکاری رامیاریی‌و کۆمەڵایەتی (جیهانیی/ناوچەیی/خۆجێیی) ناتوانن، گەر تەنها بە گوتنیش بێت، خۆیان لە دیمۆکراسیزەکردن بدزنەوە، ئەگینا لەمێژبوو بەفەرمیی لە فۆرمێکی دەوڵەتییدا دێسپۆتیزمیان راگەیاندبوو.
(ئازادیی)ش بنەمای هەموو مافەکانە؛ لەوانەیە خودی دەستەواژەی (نان‌و کارو ئازادیی) زۆر دروست نەبێت، چونکە ئازادیی لە بنەڕەتدا واتە هاومافیی، هەرکەس مافی کەسێکی دیی زەوت بکات بە مافی (نان‌و کار)یشەوە، ئەوا ئازادیی لێ زەوت دەکات... گەورتریین زەوتکردنی ئازادییش، ناهاوسەنگیی دادپەروەرییە بۆ تاکەکەسەکان لەبەردەمی یاسادا؛ واتە دەق وەك ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا روودەدات... هەرلەوێوە، کارەساتی خۆسووتاندنی (بەناز)یش لەپێناوی (نان‌و کار)دا، لەبنەڕەتدا هەر لەپێناوی ئازادییدایە، ئەو کارەساتەی لەنێو هەر کۆمەڵگەیەکی تەندروستی جیهاندا بقەومایە، گۆڕانکاریی مەزنی رامیاریی بەدوای خۆیدا دەهێنا.
(نێرۆن)ە یان (بەشار) دێسپۆت هەر دێسپۆتە، ئەوە گەشەی ئاوەزی مرۆڤ‌و ژیارییەکانییەتی، بەردەوام دەسەڵاتەکانی دێسپۆت کەمتر دەکەنەوە‌، یان ئەوەی سەردەمێك لە سەردەمێکی پێش خۆی، باشتر دەچێتەوە.
هۆنەرو بیرمەندی لوبنانیی (جوبران خەلیل جوبران/*١٨٨٣-١٩٣١) لە کۆبەرهەمدا دەڵێت: (گەر ویستتان دێسپۆتێك لەنێو ببەن، سەرەتا ئەو تاجەی بشکێنن کە لە دڵی خۆتاندا دەتانەوێت پێی بگەن!).
لای سەرکردەگەلێکی کوردیش، خەونی لەنێوبردنی سەددام هێندەی ئەوەی خەونی بوون بە زیندانەوان بوو، خەونی ئازادکردنی ئازادیی نەبوو، زیندانەوانی ئەو ئازادییەی کە سەددام پێشتر زیندانەوانی بوو. هەرچۆن گەر سەردەمی سەددام لە هیی هێتلەر جیاواز نەبووایە، لەویش واوەتر دەچوو، سەردەمی ئەمانیش سەردەمی سەددام نییە، ئەگینا لەو خراپتریان دەکرد. بۆیە سەددام تا ئەمڕۆ بڕیی نەکرد، چونکە دێسپۆتی سەردەمێکی دواکەوتووتر بوو؛ گەر بمایە، دەبووا بۆ ئەوەی بمێنێت، دێسپۆتی ئەم سەردەمە بووایە، گەر بمایە‌و دێسپۆتی ئەم سەردەمە بووایە هەر هێندەی ئەمانی پێدەکرا!
چەمکی ئازادیی بەدرێژایی مێژوو فرەڕایی‌و گەنگەشەی لەسەر بووەو پێناسەی جیاوازی ئیدیۆلۆژیی بۆ کراوە. ئازادیی لە فەلسەفەدا وەك کۆنسێپت‌و لە سۆسیۆلۆژیادا وەك پێداویستیی مرۆڤ، زیاتر لەهەر دیاردەیەکی بەرهەست دەربارەی نووسراوە... بەڵام ئەوەی بەدرێژایی مێژوو تا ئەمڕۆ سەبارەت بە ئازادیی گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە (نرخی بەدەستهێنانی ئازادییە) کە ئەویش (خوێن)ە.
زۆر فاکتەر (کولتور، ئایین، ئاستی ئاوەزمەندیی...تد) کار لە "رێژەیی"بوونی (ئازادیی وەدیهاتوو) دەکەن؛ ئازادیی رەها لە هزردا وەك (هێگێل/*١٧٧٠-١٨٣١) لە (فێنۆمێنۆلۆژیای هزر)دا دەڵێت، جیاوازە لە ئازادیی پیادەکراو، چونکە مرۆڤ بە هزر، لەنێو خۆیدایە، بەڵام بۆ پیادەکردنی ئازادیی لەنێو ئەوانی تردایە؛ ئەو دەڵێت: (ئازادیی لەنێو هزردا، تەنها بیرکردنەوەیەکی پەتییە لە ئازادیی، کە لە ژیاندا پێڕۆنەکراوە؛ ئەوەش بۆخۆی چەمکی ئازادییە، نەك خودی ئازادیی!)... گەر دیتانەی ئەو بیرمەندە بە پێچەوانەشەوە شڕۆڤە بکرێت، دەگەین بەو راستییەی، کە خواستی ئازادبوون لە هزرو هەستەوەریی مرۆڤدا خواستێکی بنەڕەتییەو مرۆڤ بۆ کۆیلەیی دروست نەبووە، ئەوە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانن کە لەپێناوی سوودی گشتدا ئازادی تاکەکەس سنووردار دەکەن.
کەواتە ئەو ئازادییەی ئێمەمانان داوای دەکەین، ئازادی رەها نییە کە خودی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تێك بدات، بەڵکو بریتییە لە زۆرتریین رادەی ئازادیی کە لە سەردەمدا توانای بەدیهاتنی هەبێت؛‌ هێندەش هەناسەی بەرواڵا بێت، لەدەرەوەی رەوشت‌و دابونەریتی باودا هەوڵی نوێگەریی بدات، چونکە نوێبوونەوە بنەمای پێشکەوتنە... ئەو ئازادییەش بە دوو توخم بەدیی دێت، یەکێکیان ئاستی ئاوەزمەندیی کۆمەڵگەیە بەگشتیی بۆ تێگەیشتن لە ئازادیی؛ دووەم بەیەکسانییە بۆ هەمووان، کە ئەوەش دیسانەوە وەك گوترا پەیوەستە بە جومگە هەرە سەرەکییەکەی ئازادیی، واتە (هاومافیی هەمووان لەبەردەم یاسادا).
(گۆتە/*١٧٤٩-١٨٣٢) لە بەشی رۆمان‌و نۆڤێلی چاپی هامبورگی بەرهەمەکانیدا دەڵێت: (هیچکەس لەو کەسە کۆیلەتر نییە، کە بێئەوەی ئازاد بێت، خۆی بە ئازاد بزانێت)... پێدەچێت لە (پدك)دا زیندووێتی نەمابێت. کاتێك پارتی رامیاریی لەمێژوودا خۆی دەکوژێت‌و بوونێکی شارستانییانەی رامیاریی نامێنێت، ئیدی لەو رووەوە دەمرێت‌و تەنها وەك هێزێکی فیزیکیی رامیاریی بە زیندوویی دەمێنێتەوە؛ ئیدیی ئەو پارتە بەپێچەوانەی پارتێکی شارستانیی تەندروستەوە، دەبێتە هێزێکی چەپێنەرو بکوژی ئازادیی‌؛ لەبریی ئەوەی پێشڤەچوونی شارستانیی ئەو جۆرە پارتە پێش بخات، دەیپوکێنێتەوەو لەنێوی دەبات؛ بۆیە دەبێت لە کۆنەپارێزییدا بمێنێتەوەو بەرگریی لە مۆدێلە پریمیتیڤەکانی وەك خێڵگەریی‌و بنەماڵەگەریی بکات؛ پچووکتریین درز بکەوێتە ئەو مۆدێلە، سەرەتای داڕوخانی دەست پێدەکات...
سەیرە، گەر ئەمڕۆ (پدك) دژی هێرش‌و بۆردومانەکانی (تورکیاو ئێران) خۆی بابدایە، رۆشنبیرانی دەربار، کوردستانیان لەسەر رووپەڕی بڵاوکراوەکانی ئەو پارتەدا رزگار کردبوو؛ کەچیی کە ئێستە سەرکۆنەی شۆڕشگێڕانی پارچەکانی تر دەکات، هەموو کۆیلە خۆبەئازادزانەکان، لەپێشدا ئەوانەی لەسێبەردان، کەوتوونەتە خۆ، فوو بەو جۆرە زوڕنایەدا دەکەن.
تەنانەت بڕیاری ئازادانە بۆ چاپەزیی‌‌و مەسینەهەڵگرییش لەسەر ئاستی تاكەکەس، پەیوەستە بە خواستی خودی ئەو کەسەوە؛ دەبێت بەهەموو شێوەیەك رێز لە‌ ئازادیی بڕیاری ئیندیڤیدوم بگیرێت؛ بەڵام کاتێك ئەو ئازادییە بەگژ ئازادیی تاکەکەسی دی یان کۆمەڵگەیەکدا دەچێتەوە، دەبێت بەنەفرەت بکرێت. وەك خانمە نووسەری نەمسایی (ماری ئێشنباخ/*١٨٣٠-١٩١٦) لە پەڕتووکی (گوتە نەستەقەکان)دا پێش نێزیکەی سەدوسی ساڵ گوتبووی: (بەدتریین دوژمنانی ئازادیی، کۆیلە بەختەوەرەکانن)، ئەمڕۆ خوێندەوارانی دەرباری دەسەڵاتی (پدك/ینك) لەمپەڕی بەردەم ئازادیی کۆمەڵگەی کوردیین؛ لەگەڵئەوەشدا گەر کاری ئەوان تەنها ماستاوسارکردنەوە‌و پیاهەڵدانی سەرکردە خودشەیداکان با، رێزی ئازادیی‌و خواستی ئیندیڤیدوالییانەیان دەگیرا، بەڵام کاتێك سوکایەتی بە تاکەکەس‌و کۆمەڵگەی ئازادییخواز دەکەن، ئیدیی شایانی هیچ رێزێك نین. تەنها مرۆڤێك شارستانییانە ئازادە، کە داکۆکیی لە ئازادیی شارستانییانەی مرۆڤی تر دەکات.
فاکتی زەوتکردنی ئازادیی لە نەژادی کورد لە مێژوودا بەرژەنگە نەك هۆکار. کورد بۆیە ئازاد نەبووە چونکە بەدرێژایی مێژوو لە واتای راستەقینەی ئازادیی نەگەیشتووە‌و بەهای ئازادیی نەناسییوە؛ کەسێك بەهای شتێك نەزانێت، لای خۆی نایهێڵێتەوە... ئەوەیە بە درێژایی مێژوو وایکردووە، کورد بەئاسانیی ئازادیی لێ زەوت بکرێت، بەڕاستیی لە رووە سایکۆلۆژییەکەیەوە نەتەوە نەبێت‌و دەوڵەتی نەبێت‌و خاکەکەی سەربەشی خاکی نەژادەکانی دی بێت.
دیارە کە لەوێدا دەڵێم کورد، مەبەستم زۆریینەیە، چونکە بەدرێژایی مێژووی کورد ئازادییخوازانی راستەقینە کەمینە بوون. بینیمان تەنانەت لەنێو دواخۆپیشاندانەکانیشدا خوێندەوارگەلێك هەبوون بەناوی ئازادییەوە بازرگانییان بە ئازادییەوە کرد؛ دەبینین خوێندەوارگەلێك تەنها بۆئەوەی خۆیان بە گران بە دەسەڵاتێکی دژەئازادیی بفرۆشنەوە وەك قارچك هەڵدەتۆقن‌و هەرواش لەپڕ هەڵدەپڕووقێن.
کورد چونکە بەڕاستیی بەهای ئازادیی نازانێت، لە ئاخ‌و ئۆفی درۆ زیاتر کارێکی بۆ وەدەستهێنانی ئازادیی نەکردووە، ئەو نەریتە کە (نەوشیروان مستەفا/*١٩٤٤) ناوی ناوە (فەرهەنگی کڕووزانەوە) سەرلەبەری مێژووی ئێمەی داگیرکردووە. لە شۆڕشی شاخیشدا ئازادیخوازانی شاخ هەر تەنها کەمیینەی گەل نەبوون، بەڵکو رووداوەکانی پاش راپەڕینی ١٩٩١ سەلماندیان، کە تەنانەت لەنێو ئەوانیشدا ئازادییخوازانی راستەقینە کەمیینە بوون.
    
خوشك‌و برای شۆل (سۆفیاو هانس-شۆل)، دوو گەنجی (٢٢ و ٢٥)ساڵان بوون سەر بە رێکخراوی (گوڵی سپی)؛ گوڵی سپی گروپێکی ئازادیخواز بوو، لە شاری (موینشن/میونیخ)ی ئەڵمانیا، دژی نازییەکان نووسراویان بڵاودەکردەوە. ساڵی ١٩٤٣ بەهۆی شۆفارەوە دەزگەی پۆلیسی نهێنی (گێستاپۆ) لە کاتی چالاکییدا پێیان دەزانێت‌و دەدرێن لە (ملقرتێن/گیلۆتین)... ئەو خوشك و برایە، تا ئەمڕۆش لەوێ، جوانتریین سیمبۆلی ئازادیین، دەیان کۆلێژو پەیمانگاو گۆڕەپان‌و شەقامی ئەو وڵاتەیان بەناوەوە کراوە.
لە هەرێمی کوردستانیشدا برایانی هەردی (رێبین‌و ئاسۆس-هەردی) لەسەر کێشی (سارتەرو میقداد بەدرخان) لە جوانتریین سیمبۆلەکانی ئازادیی ژینگەی رۆشنبیریی‌و رۆژنامەگەریی ئێمەن.
هەرچەندە (ینك) لە کاتی خۆپیشاندانەکان‌و دوای خۆپیشاندانەکانیشدا، بەزۆرزانیی، دەیان دڕندەیی‌و پەلاماری لە شێوانشێویی‌و ژاوەژاودا ئەنجام دا، بەڵام بەهۆی چەند گەمژەیەكی ریزەکانییەوە، لەگەڵ خوێنی لەسەرشەقامڕژاوی (ئاسۆس هەردی)دا، ئابڕووی بەتەواوەتی تکا.
چونکە (ینك) لەبنەڕەتدا بۆ ئەوە دروست بوو لە (پدك) نەچێت، ستروکتورێکی مۆدێرنی بەدوور لە ستروکتوری خێزانگەریی‌و بنەماڵەگەریی‌ هەبوو؛ تەنانەت لە شاخیشدا بە دیسیپلینی سەربازییانە ئاڵوگۆڕی بەردەوامی بە پێگەی فەرماندەکانی پێشمەرگە دەکرد‌و نەیهێشت جەمسەری خێڵگەری تێدا دروست ببێت. کاتێك پاش راپەڕین دۆخەکە وەرچەرخا، دەرکەوت کە ئامانجی سەرکردەکانی ئەو حیزبەش رووخاندنی دێسپۆت نەبوو، بەڵکو گەیشتن بوو بە تاجەکەی دیسپۆت کە لە دڵیاندا هەڵیانگرتبوو.
نووسیم (پدك) وەك پارتێکی شارستانیی رامیاریی مردووە‌و تەنها وەك هێزێکی فیزیکیی رامیاریی ماوە؛ وەك دەردەکەوێت (ینك) لەو رووەوە چەند نووزەیەکی تێدا ماوەو لە گیانەڵادایە، لەوانەیە ئەوانە لە دوورەوە دڵخۆشکەربن‌و وەك ویژدانی کپی ئەو پارتە دەربکەون، بەڵام لەڕاستییدا لە هەوڵی راکردن لە ئابڕووچوون زیاتر هیچی ترنین.
گەر دەست لێوەشێنراوەکە لەبریی کەسێتییەکی وەك (ئاسۆس هەردی)، هەر منداڵێکی ئەو شارە بوایەو هەڵای راگەیاندنی بەدواوە نەبوایە، ئەو نووزەبازانەش لێویان بۆی نەدەلەرزی.
(پدك) تەنها کۆیلەی بنەماڵەی تێدایە؛ (ینك) لەگەڵ کۆیلەکاندا کۆمەڵێك دڵسۆزی پارتەکەی تێدایە کە ئامادەن بۆ پارتەکەیان زۆر لەخۆبردوو بن، بەڵام ئەوانەش بەرانبەر ئازادیی‌و بەرانبەر کۆمەڵگە هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ هاوخەباتە کۆیلەکانیاندا نییە؛ جیهانبینیی ئەوانیش لە گۆی پارتەکەیان نایەتە دەرەوە؛ هەر کەس لەوانە بگریت، ئاگاداری دەیان تاوانی پارتەکەیەتی بەرانبەر ئازادیی‌و بەرانبەر کۆمەڵگە، لەگەڵئەوەشدا چونکە گاڵ نەدراون، نووزەیان لێوە نایەت.
هیوادارم کەس لە بەرانبەر خوێنی خۆی کە خوێنی ئازادییە لێبوردە نەبێت!
بۆیە کۆتایی ئەم نووسینە سەبارەت بە تێگەیشتنی تەندروست لە چەمکی ئازادیی‌و بێدەنگنەبوون لە چەوساندنەوە، یاخود بۆ وەڵامی پرسیارێك (بۆ ئەوەی بە هەوانتە خوێنمان لەبەر نەڕوات چیبکەین؟) بە چەند دێڕێکی (جوبران) کۆتایی پێدێنم کە لە پەڕتووکی (پەیامبەر/ زە پرۆفێت١٩٢٣)دا دەڵێت:
(...رەنگە بەدڵتان گران بێت بەڵام:
کوژراو نابەرپرسیار نییە سەبارەت بە بکوژەکەی
دزییلێکراو بێ لۆمە نییە لە دزییلێکردنەکەی
چاکەکار نابەرپرسیار نییە لە رەفتاری خراپەکار
دەستخاوێن بەدوور نییە لە پیسیی قڕێژەکان...).

سەرچاوە : سبەی

بەشدار لە وەلامدانەوەکانی سەنج سەرنج (0 نێردرا)

سەرجەم: | خستنەڕووی:

سەرنجێک لەسەر بابەتەکە بنێرە

  • Bold
  • Italic
  • Underline
  • Quote

تکایە ئەوە کۆدەی کە لە وێنەکەدا دیارە بینوسە:

Captcha
  • بینێرە بۆ هاوڕێیەک بینێرە بۆ هاوڕێیەک
  • دەقی چاپکردن دەقی چاپکردن
  • دەقی سادە دەقی سادە

دەستەواژە:

هیچ دەستەواژەیەک نیە

ئەم بابەتە هەڵبسەنگێنە

0