سەندیكای رۆژنامەنووسان توتییە نازدارەكەی حیزب
نەبەز گۆران
تاقەشتێك نییە بڵێین ئەم شتە چاك دەكەین و ئیدی لەم قەیرانە رزگارمان دەبێت، تەنها شوێنێك نییە بڵێین ئەم شوێنە تاریك داهاتووەو دەبێت رووناكی بكەینەوە تا هەمووكەس راستییەكان ببینێت، ئیدی گەیشتووینەتە ئاستێك شوێنێك نەماوە حیزب دەستی بەسەردا نەگرتبێت و بەكاری نەهێنێت بۆ مەبەستەكانی خۆی، خۆشبەختی ئێمە ئەوەیە بەردەوام بەرگریمان لەوە كردووە سەندیكای رۆژنامەنووسان سەندیكای ئێمە نییەو تایپێكی حیزبییە، هەرچۆن بەردەوام بەرگری لە راستی و ئازادییەكانی خەڵك دەكەین ئاواش بەرگری لەوەدەكەین خۆمان نەخزێنینە ناو ئەو شوێنە حیزبییانەی كە ناشیرینیان كردووە، بۆئەم بەرگریكردنەش دەیان بەڵگەمان هەیە كە ئەو سەندیكایە نەك هی رۆژنامەنووسان نییە، بەڵكو تایپی دووەمی بارەگای حیزبە، بۆیە بەردەوام لە كاتە گرنگەكاندا بوقەكەی هەڵگرتووەو بەرگری لەدەستكەوتەكانی حیزب كردووەو بووەتە سەنگەرێك دژی رۆنامەنووسان، بووەتە دەنگی حیزب، بووەتە پارێزەری حیزب تا بەدڵی خۆیان سەركوتی ئەم خەڵكە بكەن، رۆژنامەنووس لای ئەم سەندیكایە ئەو كەسەیە ستایش دەكات و بێدەنگ دادەنیشێت تاحیزب هەمووشت بكات، كاتێكیش دێتە سەر جیاكردنەوەی رۆژنامەنووس ئەم سەندیكا حیزبییە بەمنەتەوە باس لەوەدەكات زەوی داوە بە رۆژنامەنووسان وەك ئەوەی ئەم وڵاتە موڵكی ئەوان و حیزبەكەیانە و بۆیان هەیە دابەشی بكەن بەسەر قەڵەمەكانی حیزبدا، لەشكرێك نەخوێندەواری حیزبیی بەناوی رۆژنامەنووسەوە تۆماركردووە تا بەجیهانی دەرەوەی رابگەیەنێت ئازادی هەیە، لەكاتێكدا ئەمە بێحورمەتیكردنە بە پیشەی رۆژنامەنووسیی، كاتێكیش مەترسییەك دەكەوێتە سەر رۆژنامەنووسە راستەقینەكان ئیدی ئەم شوێنە حیزبییە گەر وەك ماسی بێدەنگ نەبێت ئەوا بەیاننامەیەك دژی رۆژنامەنووسان دەردەكات و حیزب دەكاتە پاڵەوانی ئازادی.
سەردەمانێك كە كورد لەشاخ بوو دروشمی ئازادی بەرز كردبووەوە، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كە راپۆرتیان لەسەر پێشێلكارییەكانی دژی كورد بڵاودەكردەوە حیزبەكانی شاخ بەدەستكەوتیان دەزانی و چەندین مانگ دەیانكردە بابەتی رادیۆكانیان، ئێستا كە هاتوونەتەوە ناوشار و خۆیان بوونەتە سەری رمی ستەمكاریی و پێشێلكردن ئەو راپۆرتانە بە دەستی بێگانە دەزانن، راپۆرتەكەی هیومان راتیس وۆچ و سەرجەم راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان لەسەر ئێستای هەرێمی كوردستان زۆر لاوازن و دەبوایە زیاتر پێشێلكارییەكان دەربخەن، بەڵام لەهەمانكاتدا هەنگاوێكی باشە بۆ ناسینی ئەم دەموچاوە ستەمكارەی هەردوو حیزب بەدنیای دەرەوە، گرنگی ئەم راپۆرتانە ئەوەیە دەنگێكی بەهێز لەجیهاندا دروستدەكات بۆ پشتگیریكردنی ئازادی هاوڵاتیان و كاڵكردنەوەی دەسەڵاتی ستەمكار لەم هەرێمە، لەوەش گرنگتر ئەوەیە هیچ كام لەو دەوڵەتانە گوێبەوەڵامی دەسەڵاتە ستەمكارەكان نادەن و هەرچی لەبارەی ئەو راپۆرتانەوە بڵێن جێگەی سەرنج نابێت، هەر ئەم راپۆرتانەشە وادەكان جیهانی دەرەوە بێتەدەنگ بۆ كۆتاییهێنان بەدەسەڵاتی سەركوتكەر، ئەگەر ئەم راپۆرتانە بەوردتر و باشتر بكرێن دەرەكەوێت لەم مەملەكەتی ترس و كوشتن و گەندەڵی چی دەگوزەرێت، وەڵامەكەی حكومەت بۆ ئەو راپۆرتە جێگەی پێكەنینی ئێمە و ئەوانەشە لەكوردستان دەژین، لەوەش پێكەنیناویتر وەڵامەكەی سەندیكای رۆژنامەنووسانە.
ئەم سەندیكا حیزبییە خۆی لێبووە بەشتێكی گەورەو لەخۆیەوە بەناوی رۆژنامەنووسانەوە وەڵام دەداتەوەو باسی ئازادی و دیموكراسی ئەم هەرێمەدەكات، پێویستبوو رۆژنامەنووسانی راستەقینە پێكەوە هەموومان داوایەكی یاسایی لەسەر ئەم سەندیكایە تۆماربكەین بۆئەوەی دەمكوتی بكەین و جارێكی دی بەناوی ئێمەوە قسە نەكات و بەیاننامەو وەڵامەكانی لەژێر ناونیشانی «رۆژنامەنووسانی حیزب و دەسەڵات« بێت، نەك بەناوی رۆژنامەنووسانەوە، چونكە ئەم شوێنە حیزبییە نە مافی ئەوەی هەیە بەناوی ئێمەوە قسە بكات و نە بۆشی هەیە بەناوی رۆژنامەنووسانەوە بەرگری لەو پێشێلكارییانەی ئەم وڵاتە بكات، هەركات جەسارەتی ئەوەی كرد بكوژانی سۆران و سەردەشت و چەتەكانی دەسەڵات ئاشكرا بكات كە هەڵدەكوتنە سەر رۆژنامەنووسان، ئەوكاتەش بۆی هەیە بەو ناوەوە قسە بكات، رەنگە ئەم كۆمیدیایەی سەندیكای رۆژنامەنووسان دەیكات جگە لەشەرم هاوار بۆ دەسەڵات پرسیاریش بخاتە سەر ئەو نادیموكراسیەی كە ئەوان بەدیموكراسی دەزانن، لێرەشەوە دەبێت ئەوەبزانێت هەرچۆن رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دەسەڵاتی هەرێم بەدەسەڵاتی بەعس دەچوێنن ئەوە تەنها بۆچوونی ئەوان نییە، بەڵكو بۆچوونی ئێمەشە كە بەعس لێرەیە بەفۆڕمێكی كوردییەوە و ئەو سەندیكایە بەرگری لەو بەعسە دەكات.
كاتێك رۆژنامەنووسان دەڕفێنرێن سەندیكا حیزبییەكە لەكوێیە؟ كاتێك بریندار دەكرێن لەكوێیە؟ كاتێك گەنجەكان راپێچی زیندان دەكرێن بۆ باسی دیموكراسی ناكات، وەختێك لەشكری میلیشای حیزب لەشارەكانی هەولێر و سلێمانی هەڵدەكوتێتە سەرخەڵك سەندیكا بۆ باس لەئازادی ناكات؟ هەرچۆن شەرمە بۆ ئێمە ئەو سەندیكایە بەهی رۆژنامەنووسان بزانین، ئاواش شەرمە بۆئەو سەندیكایە بەناوی ئێمەوە بەرگری لەفۆڕمەكانی بەعس دەكات. ئێمە هیوامان زۆرە ئەم وەڵامانە نە جێگەی سەرنجی دەرەوە دەبن و نە چاوی ئەوانەی دەرەوە لەچاوی حیزبی ئێرە دەچێت تا شتەكان بشارێتەوە، بەڵگەكان هێندە زۆرن لەسەر پێشێلكاریی بەسەد وەڵامی ئەو سەندیكا حیزبییە قوژبنێكی ئەم تاریكییە رووناك نابێتەوە.
Serdasht Osman
- سهردهشت عوسمان له وتاریكدا"بێدهنگی تاڵهبانی، بۆته هۆی بڕیار دانی تاكلایهنهی مالكی"
- لهپهراوێزی دۆسێی سهردهشت عوسماندا... مهلا بهختیار له نیوان چهمکی دیموکراسی لیبرال وتۆلیتاردا
- لهپهراوێزی دۆسێی سهردهشت عوسماندا... مهلا بهختیار له نیوان چهمکی دیموکراسی لیبرال وتۆلیتاردا
- چۆنیهتی دۆزینهوهی نا و ژیان و وێنهی رۆژنامهنوس ( سهردهشت عوسمان ) له یهكێك له گهورهترین مۆزهخانهكانی دنیا له واشنتنی پایتهختی ئهمهریك
- دۆسێی سەردەشت عوسمان هی هەموومانە!
- ئەم گاڵتەجاری و سیناریۆیە بەسە!
- جەنگاوەری جەنگاوەری
- نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی
- نامەیەك بۆ سەردەشت و سۆران
- مهرگی ههرزان !



سەرنجێک لەسەر بابەتەکە بنێرە