بۆ سەردەشت ئەو گەنجەی هەرگیز نەمبینی
ئاسۆس هەردی :
چەند پەستم لەوەی نەمناسیت! چەند داخە لەدڵما کە پێش ئەوەی تیرۆریستان دەستیان پێت بگا، دەرفەتێک نەڕەخسا یەک ببینین، دەستەکانت بگوشم، بۆ ساتێک لەگەڵت دانیشم، گوێت لێبگرم و گوێم لێبگری.
کە نووسینەکانتم خوێندەوە، ئیینجا تێگەیشتم چیم لەکیس چووە! چۆن نەمناسیت و نەمبینیت؟ هەر وشەیەک لە وشەکانت ئەوەندەی تر داخەکەیان گرانترو گەورەتر دەکرد. ئەو قەڵەمە جوانە، ئەو رۆحە جوانە، ئەو هەستە ناسک و هەستبزوێنانە، ئەو ئازایەتییە بێوێنەیە... جوانترین نموونە و وێنەی گەنجی ئەم وڵاتە بوویت. چەند شانازی دەکەم بەوەی خەڵکی وڵاتێکم گەنجی وەکو تۆی تێدا هەڵکەوتووە.
ئەی ئەو گەنجە ئیسک سووک و قەڵەم رەنگینەی نووسینەکانت شایەتیی بەهرەیەکی گەورەو رۆحێکی یاخیت بۆ دەدەن، خۆزگە دەمبینیتو دەمناسیت. خۆزگە تەنها بۆ یەکجار یەکمان دەگرت و لەداخی دەموچاوە دزێوەکانی نیشتیمان، پێکەوە کەمێک رازو نیازمان دەکرد، تووڕەیی و داخی دڵمان هەڵدەڕشت. ئاخر بۆ یەکمان نەناسی و یەکمان نەدی؟! من دەمویست کەمێک گوێ لە خەمەکانت بگرمو پێت بڵێم تۆ بەهرەیەکی وردە وردە دەگەشێتیەوە. تۆ قەڵەمێکی هەڵکەوتوویت و تازە خەریکە دەکەویتە سەر رێی داهێنان. دەمویست پێت بڵێم تۆ دەبێ بمێنی، تۆ دەبێ بەردەوام بی، نابێ جێمان بهێڵی.. نا. ئێمە و داهاتوو پێویستمان بە تۆو گەنجی خوێنگەرم و ئازادو ئازای وەکو تۆیە. چ قەدەرێکی دڵڕەق و بێدادە، کە تا رۆحت بەرەو بەهەشتی نەمری نەفڕی، نەمبینیت و نەمناسیت!
ئای چەند گریام کە بۆ یەکەمجار گوێم لە "زەنگی مردن"ەکەت بوو... چەند گریام کە وشەکانتم خوێندەوە... گریام بۆ تۆو نەفرەتم کرد لەو قەدەرەی پێش ئەو ساتە نەیگەیاندم بە تۆ. خۆ ناشزانم... بەڵام رەنگە بمتوانیبا قەناعەتت پێبکەم کەمێک ئاگات لەخۆت بێ، نەک لەبەر خۆت، بەڵکو لەبەر نیشتمانەکەت و ئەو گەنجانەی چاوەڕێ بوون تۆ نموونە و رێبەریان بیت. خۆ ناشزانم... رەنگ بوو رۆحە یاخییەکەت بەهیچ شتێک ئارام نەگرێ، بەڵام داخم ناچێ کە نەمناسیت و لانیکەم درەفەتی ئەوەم نەبوو قسەیەکت لەگەڵ بکەم.
چەند شەرمەزارو رووڕەشە ئەوەی دەستی چووە خوێنی تۆ! ئای لەو وڵاتەی خوێنی گەنجەکانی خۆی دەڕێژێ! ئای لەو نیشتمانەی جەللادەکانی ون دەبن و ئازادیخوازەکانی دەخرێنە لیستی گرتن و ئەشکەنجەدان و کوشتنەوە!
بەڵام ئازیزم، بێخەم و دڵنیابە... دڵنیام ئێستا لە پەنجەرەی ژوورێکی بەهەشتەوە بەچاوی خۆت هاوڕێ گەنجەکانت دەبینی. دەزانم ئەوکات تۆ زۆر تەنیا بووی، زۆر بێکەس و بێدەراتان بووی. بەڵام ئەوە ئەمڕۆ سەدان و هەزاران هاوڕێ و هاوتەمەنت، پەیامەکەی تۆیان پێیە و بەپێوە وەستاون. هەموومان دەڵێین: پەیامەکەت.. پەیامی ئازادی، هەرگیز ناکەوێ و ناکوژێتەوە. ئەمە تاکە شتە کە سەبووریمان پێدەدات.
Serdasht Osman
- سهردهشت عوسمان له وتاریكدا"بێدهنگی تاڵهبانی، بۆته هۆی بڕیار دانی تاكلایهنهی مالكی"
- لهپهراوێزی دۆسێی سهردهشت عوسماندا... مهلا بهختیار له نیوان چهمکی دیموکراسی لیبرال وتۆلیتاردا
- لهپهراوێزی دۆسێی سهردهشت عوسماندا... مهلا بهختیار له نیوان چهمکی دیموکراسی لیبرال وتۆلیتاردا
- چۆنیهتی دۆزینهوهی نا و ژیان و وێنهی رۆژنامهنوس ( سهردهشت عوسمان ) له یهكێك له گهورهترین مۆزهخانهكانی دنیا له واشنتنی پایتهختی ئهمهریك
- دۆسێی سەردەشت عوسمان هی هەموومانە!
- ئەم گاڵتەجاری و سیناریۆیە بەسە!
- جەنگاوەری جەنگاوەری
- نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی
- نامەیەك بۆ سەردەشت و سۆران
- مهرگی ههرزان !



سەرنجێک لەسەر بابەتەکە بنێرە